حەکیم کاکەوەیس
تورکەکان
بە بەکارهێنانی ئیسلام دەسەڵاتیان گرتە دەست و لە سێ کیشوەردا جێپێیان هەبوو. لە کاتی ڕووخانیشدا بایاندایەوە.
کەمال ئەتاتورک عەلمانی نەبوو بەڵام بە هۆی بادانەوەوە، سەرنجی ڕووس و ئەوروپای
ڕاکێشا و دەوڵەتە دۆڕاو و ڕووخاوەکەیان بۆ دروست کردەوە و بەشێکی گەورەی خاکی
ئێمەشیان پێ بەخشی. ئێستاش ئۆردۆغان بەرەو ئیسلام بایداوەتەوە و سۆزی جیهانی
ئیسلامیی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە ئەگەرچی نیگاری ئەتاتورک لە پشت سەریەتی. ئەمجارە
دەیەوێ بەشێکی تری نیشتیمانی ئێمە بخاتە سەر وڵاتەکەی. ئەوانە، نە عەلمانین، نە
ئیسلامی... ئەوانە تورکن تورک!. ئێمەش ئەوەندە پێشکەوتو و زاناین، وەک قومارچیی
دۆڕاو ئازارمان بەوە سڕ دەبێ بڵێین: "باوی قەومایەتی و دەوڵەتی قەومی نەماوە
و زەمان زەمانی عەولەمەیە"!!.
بادانەوە
ها بە لای تورکەوە نەک کورد. ئەوان لێیان دەوەشێتەوە بە پێی پێویستیی خۆیان، لە گەرمەی دۆستایەتیدا جەنگت لە دژ ڕاگەیەنن یا لە گەرمەی جەنگدا، پەلەکێشی ناو برایەتیی دینیت بکەن!. ئەی ئێمەی کورد توانیومانە لە سەر یەک پلان بۆ
چارەنووسی خۆمان کۆک بین؟. ئەی ئێستاش دەتوانین پشتی "ئەتاکورد"ێکی بێدین یا
ئۆردۆغانێکی کوردی سەر بە ڕێبازی ئیسلام بگرین؟!. جا گرێی کۆنەقین ڕێ دەدا؟!.
ئەگەر
کاک مەسعوود بارزانی لە سەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بێ، پێویستە ئەگەر بەڕووی برژاویش
بێ، لەگەڵ میللەتەکەی خۆیدا بیخوا. نە پارەی کەڵەکە کراوی دەوروبەرەکەی دادی دەدا نە
نوکتەسازانی نزیکی و نە لەشکری خانەنشینکراوی ملیۆنخۆری پەرلەمان کە کاریان ئەوەیە
پارەی ناوەوە ببەنە دەرەوە تا لە بنی دێنن و وشکی دەکەن. ئەگەر پەرلەمان ئەوە بێ کە ئێمە هەمانە،
بوونی بەڵایە و جیهازێکی خوێنمژینە و زەرووئاسا وشکمان دەکا.
کاک
مەسعوود لە هەرچی جاش و خۆفرۆشە خۆش بوو و پەنای دڕندەترین دوژمنی کوردی دا. ئەی
ناکرێ هەنگاوێکی برایانە بەرەو لایەنەکانی تری کوردستان بنێ؟. نابێ دڵی بەرانبەر (گۆڕان) گەورە بێ؟ خۆ هەرچی بەرەی
هەڵۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەیە شانیان گرتووە و ئیدی لەوە دەرچووە وەک سەرۆکی حیزب
ڕەفتار بکات...
من
لە دوای ساڵی (١٩٧٥)ەوە، کە دەکاتە ٤٢ ساڵ، لە پارتی نزیک نەبوومە بەڵام دینەمۆی لێکدانەوەم، نە ڕقە نە ئەوینە بۆ ئەم لایەن یا ئەو لایەن. ئێستا لە باشوورەکەی ئێمەدا، نە مام جەلال ماوە نە کاک
نەوشیروان. هیوادارم کاک مەسعوود، بە پشتبەستن بە میللەتەکەی خۆی و هەڵۆ ئازاکانی لایەنەکانی
تری باشوور، شاسواری ناو سواران بێ و لەو هەنگاوەی ناویەتی پاشگەز نەبێتەوە چونکە
پاشگەزبوونەوە، خۆکوژییەکی شەخسی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە و لەدەستدانی دەرفەتێکی
مێژووییشە. ئەوەشمان لە بیر بێ کوردی بەشەکانی تری کوردستان و کوردی هەموو جیهان، قووڵایی ستراتیژیی باشوورە و درێغی ناکەن!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar