ئەو زیانانەی لە
جەنگی حوزەیرانی ١٩٦٧دا بەر ئیسرائیل کەوتن، بە لای هەرە زۆرەوە ٨٠٠ کوژراو
و ٢٥٠٠ بریندار بوون. لە بەرانبەردا، زیانی عارەب، بە لای هەرە کەمەوە
١٥٠٠٠ کوژراو و ٤٠٠٠٠ بریندار بوو. لە ئەنجامدا، ئیسرائیل دەستی بە سەر بیابانی
سینا و جۆلاندا گرت و لەشکری میسر و سووریا و عیراق و ئەردەنی تێکشکاند.
کورد لە شەڕی
داعش و حەشددا کە دەوڵەتیش نین، دەوروبەری ٢٠٠٠ شەهیدی دا و نیوەی
تەواوی خاکەکەشی دۆڕاند.
بۆ تێگەیشتن لەم
هاوکێشە لابەلایە، پێویستە ژیاننامەی گۆڵدا مائیر (یا هەر بەرپرسێکی باڵای جوو)
بخوێنینەوە و لەگەڵ ژیانی ئەندامێکی زۆر ساڵحانی مەکتەبی سیاسیی یەکێ لە حیزبەکاندا
بەراوردی بکەین!. بەر لە دروستبوونی ئیسرائیل، گۆڵدا مائیر، دەرۆزەی بۆ ئیسرائیل
دەکرد و لە مستەوتەنەکاندا جارێ مریشکی بەخێو دەکرد و جارێ سەرپەرشتی منداڵی دەکرد، بەڵام بەرپرسەکانی ئێمە شاخ و گردیان
داگیر کرد و مۆڵ و بازاڕیان کڕی و پێشمەرگەیان کرد بە خزمەتکاری خۆیان و لە ناو باغەکانیاندا
کردیانن بە باغەوان، جگە لەوەی یەکەم شاکاریان ئاودیوکردنی هەموو شتێکی بەکەڵکی کوردستان بوو.
کاتێ بیر لەوە
دەکەمەوە کە کوژراوی جوولەکەکان لە سەرجەمی شەڕەکانیاندا لە دژی دەوڵەتە
عارەبەکان، ناگاتە ژمارەی کوژراوی شەڕی ناوخۆی کورد، ئیتر پەردەیەکی ڕەش بەرچاووم
دادەپۆشێ و کوێراییم دادێ. کە بیر لە (تزیپی لیڤنی)ی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەکەمەوە
کە لە پێناوی ئیسرائیلدا جەستەی خۆی بەخشیوەتە سەرکردە عارەبەکان و شانازیشی دەکرد
و لەگەڵ بەرپرسی کورددا بەراوردی دەکەم کە یەکەم کاریان دوای دابەزین لە شاخ، فرەژنی بوو و لە سەر ئەوەشەوە چاویان لە ژنەشەهید دەبڕی، ئیدی دەبێ
قوڕی دنیا بە سەری خۆمدا بکەم!.
جوو، لە دەمی
دروستبوونی دەوڵەتەکەیاندا، خۆیان ڕێیان لە بەرهەمی دەرەکی دەگرت تا نەیاتە
وڵاتەکەیانەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەرهەمیان هەبێ، کەچی یەکەم هاواری ئێمە بۆ دنیا
ئەوەیە، ئەگەر دەروازەکانی سنوورمان لێ داخەن، لە برساندا دەمرین!!.
ئەم بەرپرسانە،
نەک هەر هی ئەوە نین شانازییان پێوە بکرێ، بەڵکو هی ئەوەن دادگایی بکرێن...
دڵنیاشم ڕۆژێ دێ دادگایی بکرێن!.
هەتا نەتەوە و نیشتیمان لە بری سەرکردە و حیزب و پەڕۆ بۆ کورد نەبن بە بنەماکانی ئاین، هەر دەبێ ئەوە حاڵمان بێ و بەردەکەی سیزیفمان بە سەردا گلۆر بێتەوە!. کورد کەی لە خەوی غەفڵەت بەئاگا دێتەوە؟.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar