نووسینی کچە ئەندازیاری جوولەکەی یەمەنی: نەجات نەهاری (نجاة
النهاري)
زۆر کەس داوایان لێ کردووم دەستبەرداری باوەڕی خۆم ببم و
ببمە موسوڵمان و زۆر کەسیش هەموو ڕۆژێ نەفرەتیان لێ کردووم و بە کافر ناویان بردووم
و گوتوویانە ئەوەی موسوڵمان نەبێ چارەنووسی ئاگری خوایە.
هاوڕێیەکم چیرۆکێکی جوانی لە بارەی محەمەدی پێغەمبەر و
جوولەکەیەکەوە بۆ ناردم کە دراوسێی بووە و ئازاری داوە و پێغەمبەریش بەرانبەری بەپشوو
بووە. کاتێکیش جووەکە نەخۆش دەکەوێ، پێغەمبەر دەچێتە سەردانی. کابرای جوولەکە لەو
ڕەوشتە زۆر شەرمەزار دەبێ و دەبێتە موسوڵمان. کە ئەو چیرۆکەم خوێندەوە تێگەیشتم کە
ڕەفتار و ڕەوشتی محەمەدی پێغەمبەر، بۆ جوولەکەکە پێوەر بوونە تا ئیسلام سەرنجی
ڕابکێشێ و پێش ئەوەی تەنانەت ناوەڕۆکی قورئانیش بخوێنێتەوە ببێتە موسوڵمان. چەند چرکەیەک
بیرم کردەوە: دەبێ ئەمڕۆ موسوڵمانان بە چی سەرنجی جوولەکە ڕابکێشن تا ببنە
موسوڵمان؟
هیوادارم قسەلەڕووییم تووڕەتان نەکا، چونکە من هەوڵ
دەدەم بەو شێوەیە لە ئیسلام بگەم کە ئەو جوولەکەیە پێش قسەی قورئان، بە هۆی
ڕەفتارەکانی پێغەمبەرەوە لێی تێگەیشتووە و بۆتە موسوڵمان... لە سێ خاڵیشدا
بابەتەکە دەخەمە ڕوو:
((یەکەم)) ئەمڕۆ موسوڵمانەکان لە سەر چەندین مەزەبن و
هەر یەکە و ئەوی تر بە کافر دەزانێ و خوێنی حەڵاڵ دەکا. ئەگەر بمەوێ – وەک
جوولەکەیەک – ببمە موسوڵمان، ئایە لە دەرگای "سوننەوە بچمە ژوورەوە یا لە
دەرگای "شیعەوە یا لە دەرگای مەزەبەکانی ترەوە؟ لە کامەیاندا بە ئاسوودەیی
دەژیم و خەڵکی سەر بە مەزەبەکانی تری ئیسلام خوێنم حەڵاڵ ناکەن؟
لە بەیرووت، لەگەڵ کچێکی هاوڕێمدا باسی ئەوەم کرد کە
هاوڕێکانم داوام لێ دەکەن ببمە موسوڵمان. لە کاتی دەمەتەقێدا بە سەرسوڕمانەوە زانیم
موسوڵمانەکان قسەیەکی پیرۆزی پێغەمبەر دەڵێنەوە کە موسوڵمانان دەبنە (٧٠) بەشەوە و
خوا هەموویان عەزاب دەدا یەکێکیان نەبێ، کە دەچێتە بەهەشتەوە. پرسیاری ناوی ئەو
بەشەم لە هاوڕێکەم کرد ، ئەویش گوتی کە نایزانێ و یەک موسوڵمانیش نییە بیزانێ
بەڵام هەر دەستەیە و پێی وایە مەبەست لە خۆیەتی..!!
لە خۆمم پرسی، ئاخۆ ئەگەر جوولەکەیەک بیەوێ ببێتە
موسوڵمان، بچێتە لای کامە بەش تا ببێتە موسوڵمان؟ ئەی کام زانای موسوڵمان تەواو
دڵیای دەکا بچێتە ئەو دەستەیەوە کە خوا عەزابی نادا؟ ئەمە سەرکێشییەکی گەورە و زۆر
مەترسیدارە.
(دووەم)) ئەمڕۆ موسوڵمانەکان لە هەموو شوێنێک، لە ناو
خۆیاندا یەکتر دەکوژن و زۆر بێڕەحمانە یەکتر سەردەبڕن.. جوولەکە جۆن باوەڕ بێنێ و
ببێتە موسوڵمان لە کاتێکدا دەبینێ موسوڵمان بە هۆی هەمان ئاینەوە برای موسوڵمانی
خۆی دەکوژێ، لە کاتێکدا کەستان نەتانبیستووە جوولەکە بە هۆی هەمان دینەوە یەکتر
بکوژن، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئیسرائیل بە هۆی دینەوە وەک دەوڵەت دامەزرا.
پێش دوو ڕۆژ ڕاپۆرتێکم خوێندەوە کە لە لایەن چەند دەوڵەتێکی
عارەبی موسوڵمانەوە درابووە نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی ٨٠ هەزار موسوڵمان دەکا کە
تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا لە سووریا بە دەستی موسوڵمان کوژراون، جا چ لە لایەن
ڕژێمەوە بێ یا بەرهەڵستکارانەوە. کرتەیەکی ڤیدیۆیی شەڕکەرێکی بەرهەڵستکارم دیت،
دڵی سەربازێکی دەردەهێنا و دەیخوارد – واتە موسوڵمان دڵی برای موسوڵمانی خۆی دەخوارد.!!
هەروەها سەرژمێریم لە سەر کوژراوەکانی شەڕی مەزەبیی ناوخۆی
عیراق خوێندۆتەوە کە ژمارەیان بە پتر لە ٢٨٠ هەزار کوژراوی عیراقی مەزەندە دەکرێ و
زۆرینەی هەرە زۆریشیان موسوڵمانن و ژمارەیەکی کەمیان دیانن.
بەو دوو نموونەیە واز دێنم و بیرکردنەوە
و ڕامان و پرسیار بۆ ئێوە جێ دەهێڵم کە چۆن جوولەکەیەک یا مەسیحییەک ببێتە
موسوڵمان و دڵنیابێ، لە کاتێکدا ئەوە حاڵی موسوڵمانان بێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا تەواو
دڵنیام ئەوەی ڕوو دەدا لە بەر ڕۆشنایی ئیسلام ڕوو نادات چونکە هەموو ئاینە
ئاسمانییەکان بانگهێشە بۆ ئاشتی دەکەن.
((سێیەم)) کاتێ موحەمەد
پێغەمبەر داوای لە خەڵک دەکرد ببنە موسوڵمان، تەمای ئازادی و دڵنیایی و ڕەهابوون
لە (زوڵم و نەخوێندەواری و هەژاری )ی وەبەر دەنان و ڕایدەکێشان بۆیە خەڵک دوای کەوتن.
بەڵام ئەمڕۆ کە موسوڵمانەکان داوا لە لە جوو دەکەن ببنە موسوڵمان، تەمای چییان
وەبەر دەنێن؟
با لە قساندا ڕوون و ڕاستگۆ
بین: زۆربەی دەوڵەتە عارەبییە ئیسلامییەکانمان، هەژاری و نەخوێندەواری و زوڵم و
دەستدرێژی سەر مافی خەڵک تیایاندا تەشەنەیان کردووە و گەشەسەندن و پەرەسەندنی
ئابوورییان تێدا نییە و ئەگەر وا نەبوونایە شۆڕشی بەهاری عارەبی بەرپا نەدەبوو.
کەچی ئەو دەوڵەتانەی مەسیحی و جوو بەڕێوەیان دەبەن و لە لایەن هەندێ خەڵکەوە بە
کافر ناوزەد دەکرێن، بوونەتە جێی سەرنجی موسوڵمانان تا ڕەویان بۆ بکەن و کاریان
تێدا بکەن یا تیایاندا بژێن.. نەک هەر ئەوە، تەنانەت جلی ژێرەوەش بۆ موسوڵمانەکان
دروست دەکەن.. بشمبوورن مەبەستم لەمەیان گاڵتەپێکردن نییە بەڵکو دانپێدانان و
ڕوونی بۆچوونە بەرانبەر ئەو واقیعەی ئەمڕۆ دنیای تێدا دەژێ!
ڕاستە من جوولەکەم، بەڵام ڕێزی
ئیسلام دەگرم و بە پێی باسکردنی هاوڕێکانم بێ دەستوورێکی مەزنی ژیانی مرۆڤایەتی
تێدا هەیە و وابەستەبوونم بە باوەڕی خۆمەوە، وەک هەندێ کەس بۆی دەچن کفر نییە.
هاوڕێیەکم دەقێکی قورئانی بۆ ناردم کە دەیسەلمێنی خاوەن دینەکان کافر نین و ئەو
دەقەش دەڵێ: ((ليسوا سواء من اهل الكتاب امة قائمة يتلون آيات الله آناء الليل وهم
يسجدون))!
ڕاتان چییە؟
سەرنج: من لە
بۆچوونەکانی ئەو کچە جوولەکە یەمەنییەم نەکۆڵیوەتەوە تا بزانم لە کوێدا هەڵەی
کردووە یان نەکردووە. گوتارەکە سەرنجی ڕاکێشام چونکە کچە جوولەکەیەک نووسیویەتی کە
ئێستاش خۆی بە خەڵکی یەمەن دەزانێ. هیوادارم سەردانی فەیس بووکەکەی بکرێ چونکە لە
لایەکەوە پڕە لە عەشق بۆ یەمەن و خەڵکی یەمەن، لە لایەکی ترەوە ڕەخنەی
ئیسرائیلییەکانی دێتە سەر و ڕەخنەشیان لێ دەگرێ.
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar