söndag 21 juli 2013

هێلکەباران!

دیموکراتخوازەکان! بەرپرس هێلکەباران دەکرێ، نەک هاوڵاتی!

هەر ئەوە ماوە خەڵکی کوردستان، کاتێ سەرودڵیان دەگیرێ، یا دەستێ دۆمینە دەدۆڕێنن، یەکتر بدەنە بەر هێلکە و تەماتە! ئەمە بە حیساب، ئازادییە! کە تۆ سنووری خەڵکی ترت بەزاند، واتە سنووری خۆت نەزانیوە! کاتێکیش سنووری خۆتت نەزانێ، نە شایستەی ئازادیت، نە هێشتا بۆ ئەوە ئامادایت ئازاد بیت! کە ئامادەی ئازادبوونیش نەبووی، چۆن ئازادی بۆ میللەتێک فەراهم دەکەیت؟ من پێم وایە مافی هەڵبژاردن و پەسەندکردنی کەسیشت نامێنێ بۆ ئەوەی بیکەیت بە دەسەڵات بە سەر خەڵکانی غەیری خۆتەوە! بە کورتییەکەی، تۆ مرۆڤێکی لە چاخی بەردەوە هاتوویت و بە پێوانەی ئەم سەردەمە نیوەبەشەریت!
لە حاڵەتی بوون بە مرۆڤی چاخی بەرد، دەرمانی ئەو خەڵکە دەزگای پۆلیسی و ئەو کوتەکەیە کە خۆی شارەزایەتی، نەک دیموکراتی. میللەتێک نەزانێ پەیڕەوی ئازادی بکا، واتە شایستەی ئازادی نییە و ئیتر خاکی داگیر بکرێ یا کەرامەتی، بە لایەوە جێگەی باس نییە! ئەوەتا ئێستا نیوەی باشووری کوردستان داگیر کراوە و بە دەگمەن نەبێ لای کەس باس نییە! تەنانەت خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکانیش، ڕاهاتوون و بە لایانەوە گرنگ نییە! خەڵکانێک هەست بەو برینە قووڵە نەکەن، چۆن یەکتر هێلکەباران ناکەن؟!
سەگ و گورگ، بۆ دیاریکردنی سنووری خۆیان، بە دار و بەردی ناوچەی خۆیاندا دەمیزن: ئەمە ناوچەی منە ها! دەبوو ئێمەش، کە تا ئێستا هیچ مەزەبێکیی بەشەری چارەی نەکردووین، لە سەر مەزەبی سەگ و گورگ، سنووری خۆمان دەستنیشان بکەین و بە حەمریندا بمیزین! کەچی ناوەندی پایتەختی هەرێمۆکەکەمان، بە هێلکە نیشان دەکەین: ئەمە سنوورەکەمانە!!
لە ناوەندی هەولێر، کەمالی سەید قادر هێلکەباران کرا. ئەو مرۆڤە کوردە، هاونیشتمانێکی ئاساییە و بە قەدەر خۆی لە دەسەڵات ڕازییە یا ناڕازییە. وڵاتییەکی کوردستان مافی ئەوەی نییە ناڕازی بێ؟! بەو هاوینە گەرمەش ناڕازیبوون جائیز نییە؟
ئەوەندەی شوێنی ڕووداوەکە سەرنجڕاکێشە، ڕووداوەکە بەخۆی سەرنجڕاکێش نییە. ئەو خەڵکە، وەک کەسێکی یەکێ لە ڕۆمانەکان (پێم وابێ هی کافکایە) لە گەرما بێزارە و خەڵک دەکوژێ. بەڵام هەولێر کە بە گەرما و سەرما و بە بەر چاوی بەعسەوە پەنای لێقەوماوان بوو، چۆن ئەوەی تێدا ڕوو بدا؟! ئەوە هەمان هەولێرە یا تووشی بەدگۆڕان بووە؟!
بەڵێ لە وڵاتە دیموکراتییەکاندا، ڕەفتاری وا دەکرێ، بەڵام نەک بەرانبەر هاونیشتیمانێکی ئاسایی شارێک و نەک بەو چڕی و دڕندەییەش خەڵتانی خوێن بکرێ! بەڵێ، ڕێی تێ دەچێ بەرانبەر بە وەزیری کارەبا، لە کاتی نەبوونی کارەبادا بکرێ. دەشێ بەرانبەر وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە حاڵەتی نەبوونی کاردا بکرێ! دەشێ بەرانبەر بە وەزیری تەندروستی، لە کاتی کوێرکردنی کۆمەڵێ نەخۆشدا بکرێ!.. بەڵام یەک دوو هێلکەی بەر دەکەوێ یا ناکەوێ! کەچی لە وڵاتی ئێمەدا هاوڵاتییەکی ئاسایی هێلکەباران دەکرێ نەک بەرپرسی کارەسات! ئەگەر کەمالی سەید قادر ئۆتۆمبیلی جامڕەش و حیمایەی چاوسووری لەگەڵدا بوایەن، وایان لێی دەکرد؟! عارەبەکانی بەغدا پێڵاویان لە جۆرج بووش گرت، لە هەولێریش کەمالی سەید قادر هێلکەباران دەکرێ! ئەوان گەمەیەکی قورسیان کرد و ئێمە گەمەیەکی سووک! مرۆڤ لە وڵاتی ئێمەدا چەند بێبەهایە!
چییە؟! کەمالی سەید قادر کارەبای لە خەڵک بڕی؟! کەمالی سەید قادر ماددەی ١٤٠ی ئیمزا کرد؟ خۆ دەکرا هەر ئەو کەمالی سەید قادرە ببێ بە پارێزگاری شارێک یا وەزیرێکی هەرێمی کوردستان و لە بری ئەو، کەسێکی تر هێلکەباران بکرابا. بەڵام کوڕە کەچەڵە بوو بە والی و کەمالی سەید قادر هێلکەباران کرا... هەر کەسە و خۆی و بەختی!
ئەوەی لەو نیشتیمانەی ئێمەدا دەگوزەرێ مەترسیدارە. بەرەو ئەوە دەچێ هەموو ڕیسی کورد بکاتەوە بە خوری. ئەو خەڵکەی بێ ئینسافانە کەمالی سەید قادر هێلکەباران دەکەن، بە لایانەوە گرنگ نییە کێ هێلکەباران دەکەن. ئەمڕۆ کەمال و سبەینێ ئەو کەسەی فەرمانی هێلکەبارانی دەرکرد!
جاران هەولێر، لە سەر زاری پەشێوەوە بە داگیرکەرانی دەگوت: "بارکەن بڕۆن!" ئەمڕۆ ڕۆڵەی خۆی هێلکەباران دەکا تا شاربەدەر بێ!
پێمان وابوو بە هۆی دڕندەیی داگیرکەرانەوە بوونی کورد لە مەترسیدایە، بەڵام ئەوەی ئێستا مەترسییە، لە لایەکەوە بە کۆمپانیابوونی حیزب و دەسەڵاتە و لە لایەکی ترەوە بێبەهابوونی تاکی کوردە وەک مرۆڤ! هەر دەسەڵات نا، خەڵکەکەش مرۆڤیان لا هیچە کە بە سەر یەکەیەکەی خۆشیاندا دەشکێتەوە و پڕە لە سووکایەتیکردن بە خۆیان، وەک مرۆڤ!
هەر باشە، ئەم ڕووداوەش تا ماوەیەک مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەیەک لە بیری خەڵک دەباتەوە و هەر پیلانێکیش لە ڕۆژاوای کوردستان بکرێ، دەخرێتە بن پەردەوی هێلکەبارانەوە!!

بە هێزی بڕنەو لەشان... ڕزگاری بوو کوردستان!!

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar