torsdag 4 juli 2013

کامپ بەغدا و کامپ دەیڤد

کامپ دەیڤد و کامپ بەغدا
حەکیم کاکەوەیس

مورسی ڕۆییشت. هەندێ کورد ئەوەندەیان پێ ناخۆشە، دەڵێی ئێستا دەوڵەتی ماد ڕووخاوە. هەندێکی تریش هێندەیان پێ خۆشە، دەڵێی کوردستان بۆتە دەوڵەت. منیش نە بە هاتنی مورسی دڵم خۆش بوو، نە بە ڕۆیشتنی. ئاخر ئێمە چ مانگامان لە گاگەل نەبێ، بۆچی پێمان بەفر بیبا؟! مەسەلە کوردییەکە دەڵێ: گوتیان حوشتر کوڕت بوو، گوتی: بوو نەبوو کەڕەپوو! ئەو بارەی لە منە هەر لە منە!
ئێمەی کورد، لە سایەی کام خەلیفەی ئیسلامیدا حەساینەوە؟ سەردەمی عومەری کوڕێ عەبدولعەزیزی لێ دەرچێ (هەی هەزار جار خودای لێ ڕازی بێ)، هەر لە سەردەمی ئیمامی عومەرەوە ئێمە کەوتووینەتە بەر سمی ئەسپی لەشکری عارەب هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ! خەلیفەی عوسمانییەکان چییان بە سەردا نەهێناین تا ئێستا دڵمان بە خەلیفە ئۆردوغانی تورک خۆش بێ؟ ئەی ئەمەوییەکان و عەبباسییەکان چییان لێ نەکردین تا دڵمان بە محەمەد مورسی خۆش بێ؟! تۆ بڵێی محەمەد مورسی لە ئیمامی عومەر و خالیدی کوڕی وەلید و کوڕانی ئەبوو سوفیان و عەباسییەکان موسوڵمانتر و دادپەروەرتر بێ!! تۆ بڵێی جێی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی گرتباوە!!
هاتنی مورسی و ڕۆیشتنی، هەروەها هەرچی پێیان گوت بەهاری عارەبی، گەمەی سەر تەختە شەترەنجی ئەمەریکایە و ئەوانە پێ بزانن یا نەزانن، گەمەیان پێ دەکرێ. ئەو بەهارە عارەبییەی دڵی خەڵکی خۆش کردووە، بە قەولی کاک ئاسۆس شەفیق، جگە لە بەهاری (سی ئای ئەی)، بەهاری کەسی تر نەبوو. خەڵکی میسر، ئەگەرچی زۆرینەیان موسوڵمانی سوننە مەزەبن، بەڵام ئاین و ئاینزای تریشیان تێدا هەن. ئەگەر مورسی هێندەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزیش بێگەرد بێ، شوێنکەوتووانی مورسی، خۆیان وەک هەمەج درخست. چییان نەکرد؟!
ئاخر من کە بە ناوی خودا و پێغەمبەر گۆش کرابم، چ ئازایەتییەکی خۆمی تێدایە ئەگەر موسوڵمان بم. کەسێکیش بە ناوی مەلەک تاووس گۆش کرابێ، چی بکا کە  ئێزیدییە؟! قیپتەکانی میسریش کە بە خاچ و ناوی مەریەم و عیسا گۆش کراون، چی بکەن؟! ئیتر مرۆڤ ئاوها لە نێوان باوەڕەکاندا سەرگەردانە تا دەگاتە مانگاپەرستی، دەنا ئەو (سینا)یەی عەبدولناسر بە دڵسۆزی دۆڕاندی و سادات بە خیانەتکردن و کامپ دەیڤد وەریگرتەوە، هی ئەوە بوو ئیخوانەکان سادات بکوژن؟! ئەی بۆ ئیخوانەکانی کورد، لە سەر کامپ بەغدای (١٩٩١)ی سەرانی کورد کەسیان نەکوشت، کە هیچ بستە خاکێکیشیان پێ نەگەڕاندەوە؟! پێم ناڵێی کوێی کامپ بەغدای سەرانی کورد لە کامپ دەیڤدی سادات شەریفتر و چاکتر بوو؟! ئیخوانی ئێمە نەک هەر لە سەر کامپ بەغدا کەسیان نەکوشت، بگرە بوون بە پاڵپشتیشیان.
ئیسلامییەکانی کوردستان لەگەڵ خوادا سوڵحاون بەڵام نە لەگەڵ یەکتردا دەسوڵحێن نە لەگەڵ عەبدەکانی تری خوادا! ئەگەر مەرج بێ هەموو کارێکمان بۆ ئەوە بێ بیکەینە زەخیرەی قەبر و پێشباری قیامەت، دیارە بەرانبەر بە ئەمەریکای تاغووتی دنیاخۆر و دنیاویست دۆڕاو دەبین کە هەموو کارێکیان بۆ زەخیرەی ئەم دنیایەیە. تەنانەت تا نەوتی وڵاتان وەستابێ، نەوت لە خاکی خۆشیان دەرناهێنن و بۆ نەوەکانی داهاتوویان هەڵیدەگرن، کەچی ئێمە ئەوەندە بۆ دەرهێنانی نەوت پەلەمانە، بکرابا بە دوو ڕۆژ چۆڕبڕمان دەکرد! ئیتر چۆن لەم دنیایەدا ئەمەریکا بە سەر هەموو جیهانی ئیسلامیدا زاڵ نابێ و چۆن گەمەی شەترنجی پێ ناکا؟! خاوەن تەڵەی ڕاستەقینەش ئەو ڕۆژە دێ کە دەوڵەتە عارەب و ئیسلامیەکان نەوتیان نەمێنێ!... 

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە دڵمان خۆش بکەین: ئەی قوڕ بە بان سەریان! بزانە لەو دنیا خوا چییان پێ دەکا!! باشە! خوا لەم دنیا بە ئێمەی دەکا و لەو دنیاش بەوان... ئیتر دیارە دابەش کراوە و دەبێ بە بەشی ئەم دنیایەی خۆمان ڕازی بین و هەتا هەتا و پشتاوپشت هەر کۆیلە و کلک و موالی و زەلیل بین!

Inga kommentarer:

Skicka en kommentar