کەرکووک
یەک کوردیشی تێدا نەبێ، هەر کوردستانە!
هەر یەکەمان پێوانەیەکمان بۆ خەڵک
هەیە: یەکێ خەتێکی کێشاوە و لایەکی چەوساوەیە و لایەکی چەوسێنەر... خۆی لەگەڵ
چەوساوەکاندایە، بەڵام چەوساوەکان بە لای ئەوەوە، کورد وەک میللەتێک ناگرێتەوە،
بەڵکو بەشێکی دەگرێتەوە. یەکێکی تر خەتێکی کێشاوە و لایەکی ئیماندارانە و لایەکی
بێئیمان و خۆی لە چەقی ئیمانداراندا دەبینێ. ئەمەش کوردی، وەک میللەتێک، نەخستۆتە دیوی
ئیماندارانەوە، بەو حیسابەی کوردیش بێئیمانی تێدایە. یەکێکی تر خەتێکی کێشاوە و
لایەکی ژنە و لایەکی پیاو و کورد لە هەردوو دیوەکە هەن! ماوەیەکی ززۆر خۆت لە ناو
خۆشیدا خەتی دەکێشا: ئەم دیو خەتە، حیزبەکەی من و ئەودیو، حیزبەکانی تر... ئەمدیو
جەلالی وو ئەودیو مەلایی، ئەمدیو حکوومەت و ئەودیو خەڵک! ئەمدیو نەوت و ئەودیو هەموو
شتێکی تر!
منیش وەک ئەو هەموو خەڵکە خەتێکم
کێشاوە: دیوێکی کوردە و دیوێکی هەموو دنیا. هەموو دنیا، غەدرلێکراو و ژن و
ئیماندار و بێئیمان و بۆرژوا و ئاغا و گورگ و مەڕی لێ هەن. دیوە کوردەکەش
میللەتێکە، ٢٥ سەدەیە چارەنووسی بە دەستی خۆیەوە نەبووە و دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە
بڕیار بدا ئاخۆ زاڵم بێ یا مەزڵووم! بەو حاڵەوە، نە دەتوانیویەتی پشتگیری لە
غەدرلێکراوەکان بکا، نە دەستی ژنان بگرێ نە هیچ کاریگەرییەکی لە سەر ڕەوتی مێژووی
خۆی و دنیا هەبێ!
ڕەنگە لە هەندێ لێکدانەوە بە
هەڵەدا چووبم و جاشی کورد یا هەندێ حیزب و ڕێکخراو، هی ئەوە نەبن بخرێنە دیوی
کوردیی خەتەکەوە و ئەوان یەکەم بەربەست بن لە بەردەم قەراری چارەنووس و ڕەوتی
بەلاڕێداچووی مێژووی کورددا. بەڵام ئەگەر کورد خاوەنی کیانی خۆی بوایە، جاش دروست
دەبوو؟! حیزبی هاوکاری موخابەراتی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت پێکدەهات؟ هیچ حیزبێک
دەیتوانی لە حیزبێکی ڕزگاریخوازەوە ببێتە کۆمپانیایەکی زەبەلاحی نەوت؟
ئەو حیزبانەی کە قەرار بوو کورد لە
ژێردەستەیی ڕزگار بکەن، خەڵکیان زۆ بوو و میللەتەکەیان ئەوپەڕێ قوربانییان بۆ دان،
کەچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو دواوە چوون و لە بڕیاردانی چارەنووسی مرۆڤانەی کورد
دوور کەوتنەوە تا لە ئەنجامدا بوون بە چەند دەستەیەکی قومارباز، کە یاری لە سەر
کەرامەتی میللیمان دەکەن!
ماوەیەکی زۆر، ملاملانێی کورد لە
سەر ئەوە بوو ئاخۆ مەلا مستەفا دڵسۆز بوو یا نادڵسۆز! مەلا مستەفا بۆ خۆی ببوو بە
خەتێک و کوردی کردبووە دوو دەستەی سەرەکییەوە و تا ئاستی یەکتر کوشتن دژی یەک
بوون. ئێستا، کە ململانێی ئەمدیو و ئەویوی مەلا مستەفا بە هۆی پارە و دەسەڵات و
نەوتەوە سارد بۆتەوە، پێویستە قسەیەکی لە سەر بکرێ! ئایە مەلا مستەفا کاری بۆ کورد
دەکرد یا بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا؟!
من هیچ لە سەر ئەو بابەتە ناڵێم
ئەوە نەبێ، داوا لە نەیارانی مەلا مستەفا و یارانی مەلا مستەفا
دەکەم، ئەم ڕستەیەی مەلا مستەفا، لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە بڵێنەوە... تەنها
بیخوێننەوە و هیچی تر: "کەرکووک یەک کوردیشی تێدا نەبێ، هەر کوردستانە!"
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کە
ساڵەهای ساڵ شەڕی ناوی مەلا مستەفایان دەکرد، بەو حیسابەی لەو باشترن، با ئەو
ڕستەیە بڵێنەوە... با تەنها بیخوێننەوە!
پارتی دیموکراتی کوردستانیش، کە
کوڕی مەلا مستەفا سەرۆکێتی و شانازی بە مەلا مستەفا و ڕێبازەکەیەوە دەکا، با ئەو
ڕستەیە بڵێتەوە! با سەرکی پارتی، لە دڵی خۆیدا بیڵێتەوە! دەتوانێ؟!
من ئەو ڕستەیە دەڵێمەوە... "کەرکووک
یەک کوردیشی تێدا نەبێ، هەر کوردستانە!"
بە ڕاستی دەبوو پارتی ڕووی ئەوەیان
نەبێ وێنەی مەلا مستەفا هەڵواسن و شانازی پێوە بکەن، چونکە "هەر کوردستانە"کەی
ئەویان ڕووت کردەوە و خستیانە سەر مێزی قومار و گوتیان: بە دەنگدانە و ماددەی ١٤٠
بڕیاری لە سەر دەدا. ماددەی ١٤٠ بە قەدەر جاشایەتی هەموو مێژووی کورد خیانەت بوو،
هەم لە کەرکووک، هەم لە کورد و هەم لە مەلا مستەفا و ڕێبازەکەی!! سەرانی کورد، بە
چاک و خراپیانەوە، لە مەسەلەی کەرکووکدا خیانەتکارن!! ئەوەی خیانەتی لە کەرکووک
نەکرد تەنها مەلا مستەفا بوو! دەی با پارتی ئاشکرای بکا کە ئەویش خیانەتی لە
کەرکووک کردووە! با ئاشکرای بکا کە ڕێبازەکەی مەلا مستەفا کەرکووکی نەگرتۆتەوە!
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar