tisdag 23 juli 2013

کردنەوەی کۆدەکانی کورد



وردە وردە، وا خەریکە کۆدی ژێردەستەیی و بێئیرادەیی کورد بۆ هەموو لایەکمان دەکرێتەوە،. خەریکە مەتەڵی ئەو جادووە نەفرەتییەی کە لە کورد کراوە، بە تەواوەتی ئاشکرا دەبێ. هۆکاری ژێردەستەیی کورد جگە لە خۆبەکەمزانین بەرانبەر داگیرکەران هیچی تر نییە و کلیلی ئەوەش لە ڕۆژاوای کوردستان کەوتە دەستی ئەو کوڕ و کچە قارەمانانەوە کە خۆیان بە کەم نازانن و بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان دەکەن.
بەرەی نەسرەی عارەب و دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام، وەک ئەو سەردەمانەی هێشتا کورد ئاشنای ئیسلام نەبوو، فەتوای کوردکوژی و تاڵانکردنی کوردیان لە مزگەوتەکانەوە بڵاو کردۆتەوە و تەنانەت، بە پێی هەندێ لە ڕاگەیاندنەکان، ژنی کوردیشیان بۆ خۆیان حەڵاڵ کردووە و بەهەشتیش مسۆگەر و سەربار! دیسان هەمەجەکان دانیان لە ژنی کورد تیژ کردووە و لە لایەن خۆیانەوە، مەسەلەکەیان کردووە بە مان و نەمان! دیسان ئەمەوییەکان، ئەم جارە بە بێ عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، گەڕانەوە بۆ تاڵانکردن و سەربڕین و دەستدرێژی کردن و سەراری و جاریە!
من لەوە دەگەم کە ئەوانە دەیانەوێ ڕەوایەتی بەو تاوانانەی خۆیان بدەن و ئیسلامیش وەک چەکەکانی تریان بکەنە کەرەسەیەک بۆ ئەو سەرکەوتنەی نیازیانە لە دژی کورد بە دەستی بێنن، پێویستە هەموو کورد بزانن کە ئەوانە لە سەرەتای هاتنیانەوە بۆ سەر خاکی کورد، ئیسلامیان کردۆتە سەنگەر و لەوێوە، چی خوا پێی ناخۆش بێ دژی کورد کردوویانە و دەیکەن! بەڵام جگە لە بچووکی و پەراوێزی پیاوانی ئاینی کورد و حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، چ هۆکارێک بۆ بێدەنگییان هەیە؟! ئەی مەلای کورد بەرانبەر ئەو فەتوایانە چ هەڵوێستێکیان هەیە؟! سەڵاوات لێدەدەن و بە دەنگی ئەوانەوە دەچن یا بەرگری لە میللەتەکەی خۆیان و نیشتیمانی خۆیان دەکەن؟
کورد گوتەنی، مشت لە درەوشە دەگەڕێتەوە و چەکی فەتوای ئەو تاڵانچییانەش، ئەگەر هەڵوێست و فەتوای پێچەوانە نەبێ، لە هەڵوێستی قارەمانانەی کچ و کوڕی ڕۆژاوا دەگەڕێتەوە... مەلای کورد و حیزبی ئیسلامی کورد، ئازان بۆ فەتوادان لە دژی پەشێو و شێرکۆ بێکەس و هەندێ لە نووسەران، بەڵام لە ئاستی دەستدرێژیکردنی عارەب بۆ سەر خاک و شەرەفی کورد، قوڕگی فەتوایان نووساوە!!
ئەوە کۆدی نهێنی ژێردەستەییمانە و ئەگەر مەلاکان و حیزبە ئیسلامییەکان ئاوها بەرانبەر ئەو کارەساتانە کڕ و بێدەنگ و بێهەڵوێست بن و نەتوانن ئاینی ئیسلام بەکەنە چەکی بەرگریکردن بەرانبەر دەستدرێژکەران، هیوادارم سەرجەمی گەنجانی کورد ببن بە هەڵگەڕاوە، نەک ئەو جۆرە موسوڵمانانەی بۆ داگیرکەر ملیان شۆڕ بکەن! ئیسلام لە کورد نەبێ لە کێ بۆتە کەرەسەی دیلێتی و ملشۆڕکردن بەرانبەر بەو هەمەجانەی بزوێنەریان مەسەلەی جنسییە لە هەردوو دنیا؟! ،من ئیسلامم بۆ چییە ئەگەر پەنایەکی بۆ پاراستنی ژن و کچی کورد تێدا نەبێ؟ ئایەت و حەدیس چ بە کەڵکی من دێن ئەگەر ببینم بە زەبری ئایەت و حەدیس بایی ئەوە کەرامەتمان پێوە نەماوە بەرگری تەنانەت لە مزگەوتەکانیش بکەین؟! ئیسلام، ئەگەر ئاینی کرانەوە و ئاشتی و مرۆڤایەتی بێ، مەلاکانمان لییان کردین بە ئاینی زەلیلبوون و ژێردەستەیی و ١٤٠٠ ساڵە بۆ بچووکی و کۆیلایەتی کەویمان دەکەن و ڕاماندێنن! هەر دە کەسی تاڵانچی و دەستدرێژکەری دڕندەی بیابان دوای نیمچە خوێندەوارێک دەکەون و بە دەم (حێ علی الجهاد)ەوە پەلاماری سەر و ماڵ و خاک و ژن و منداڵمان دەدەن و مەلاکانی ئێمەش نەک دە، بگرە دەیان کەس لە خۆیان گرد دەکەنەوە و باسی چۆنیەتی تەیەمومیان بۆ دەکەن و هێرشی ئەو دڕندانەیان بیر دەبەنەوە و هەندێ جار لەوەش خراپتر، هانیان دەدەن شانبەشانی ئەو هەمەجانە و دژی میللەتی خۆیان غەزا بکەن!
هەزار و چوارسەد ساڵە ئاوها ژیاوین؟! ئەوان فەتوای ڕووتکردنەوەمان دەدەن و پیاوانی ئاینی ئێمەش فەتوای کوشتنی هەرزەکارێکی کورد دەدەن چاوی لە کچێک داگرتبێ! گوناهی دەستدرێژیکردنی ئەوان بۆ سەر ژنی کورد، بە قەدەر چاوداگرتنێکی هەرزەکارێکی کورد ناشەرعی نییە؟!
گەنجی کورد وەها لە خشتە براوە، لە هەڵەبجە و سلێمانییەوە بچی بۆ سووریا و لە ڕێی خوادا، دژی میللەتی خۆی شەڕ بکا بەڵام حیزبەکانمان ئەوەندە هەستی نەتەوایەتییان نییە ڕێ بە دوو گەنجی کورد بدەن لە باشوورەوە بچن دژی دوژمنانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بجەنگن!! لە بیرتان چووەوە کوڕی کوردی ڕۆژاوا لە شۆڕشی ئەیلوولدا چۆن بەشدارییان دەکرد؟!
لە سەردەمی سەددامدا ئەو بابەتە مەلایانە تیایاندا هەبوو دژی میللەتی خۆی فەتوای دەدا! ئەگەر ئەوسا ترسی دڕندەیی بەعس کەتنی پێ دەکردن، ئەی ئێستا چی وا دەکا بەرانبەر دڕندەیی ئەو جیهادیانەی عارەبی سووریا بێدەنگ بن! تۆ بڵێی سەرشۆڕکردن ببێتە هۆکاری لێبوردنی خوا لە بەندەکانی؟! تۆ بڵێی بەرگرینەکردن لە خاک و ژن و ماڵ و منداڵ، چەند پلە بەرەو پێغەمبەرایەتی بەرزمان بکاتەوە!! خۆزگە بەم تەمەنەوە بمتوانیبا بگەمە لای ئەو کوڕ و کچە کوردانەی ڕۆژاوا کە بەرگری لە کەرامەت و کوردبوونمان دەکەن، تا هیچ نەبێ لە کاتی پشوودانیاندا پێڵاوەکانیان بتەکێنم!
ئەوەیە نهێنی ژێردەستەیی کورد و ئیتر با کەس یەخەی ئەم و ئەو نەگرێ و لە فەلسەفەی گریکەوە دەرمانی حازربەدەستی بۆ نەخوازێتەوە و لاپەڕەی مێژووی یەئجووج و مەئجووج هەڵنەداتەوە و ئەوەتا کلیل و نهێنییەکان لە بەر دەستماندان و هەر ڕێبازێکی فکری و فەلسەفی بگرینە بەر، لە ئەنجامدا زاتی ئەوەمان نییە خۆمان وەک میللەتێکی سەربەخۆ بخەینە ڕوو! هۆکاریش، مەلاکانمانن و کەسی تر و هیچی تر نا!
چەکدارەکانی قاعیدە، تەنانەت ئەو کوردەشیان سەربڕیوە کە دیلێکی خۆیانی بۆ بردوونەتەوە.. ئەمە ڕەوشتی کام دڕندەی دنیایە، مەلا؟! مامۆستا مەسعوود محەمەد شتێکی لەم بابەتەی فەرمووە: "هەر کەسێ کەوتە بەر کوتەکی کورد، ئەوا بە پیی خۆی بۆ بەر کوتەکەکەی هاتووە و توانای کورد ئەوەندە نییە دەستدرێژی بکاتە سەر کەس!" و ئەوە یەکەم جارە دەست و پێی کوڕ و کچی کورد بە زنجیری فەتوای شۆڤیەنییەکان شەتەک نادرێ و ئەوان چەند فەتوا دەدەن، ئەمان لە بەرگریکردن سوورتر دەبن... دەی مامۆستایانی ئاینی و حیزبە ئیسلامییەکان و گەنجە بەرگریکەرەکان لە مورسی، دوعا بکەن تا خوا هیدایەتی کوردی ڕۆژاواش بدا و کچ و ژنەکانیان تەسلێم بکەن!! دەی بەڕێزان بە باسی ئەو غەدرەی لە مورسی کراوە، هەموو ئەو غەدرانە داپۆشن کە لە کورد دەکرێ!!



Inga kommentarer:

Skicka en kommentar