لە ڕاستیدا، کێشەی من لە سەر ئەم گۆی زەوییەدا، نە دینە،
نە چینە! نە ژینگەیە و نە ژن و ئازادی ژن و مافەکانی ژنە! کێشەی سەرەکی من کێشەی
میللەتێکە، نە پیاوی ئازادە تا باسی ئازادی ژنەکانی بکرێ، نە کیان و کارگەی هەیە
تا باسی چینەکانی بکرێ. ئەوەی ئێستاش هەیە، سبەینێی نادیارە و کەس نازانێ ئاخۆ کەی
ناوچە ڕزگارکراوەکانیش دەچنە پاڵ ناوچە داگیرکراوەکانی ترەوە. کە ئاوهاش بێ، هەرچی
هاوارێک بۆ مافی ژن و ئازادی فەلەستین و پاکڕاگرتنی ژینگە و بەرگریکردن لە موسوڵمانەکانی
بۆرما و بەزەیی بەرانبەر ئاژەڵ بکەین، دەنگدانەوەی تەنها لە ئەشکەوتی کەللەی خۆماندا
دەبێ و نە کەس دەیبیستێ و نە کەس دەیەوێ بیبیستێ تا بە دەنگمانەوە بێ!
بەڵام، پرسیار ئەوەیە ئاخۆ کوردی ئیسلامی، واتە (ئەو کوردانەی
کە لە ناو حیزبی ئیسلامیدا ڕێکخراون) لە ئاستی دنیادا، بەرەیەکی دینی ئیسلامین
بەرانبەر لادینی و نادینی؟! واتە چەند لە حیزبێکی ئیسلامی عارەبی یا تورکییەوە
نزیکن، ئەوەندەش لە لایەنێکی نادینی میللەتی خۆیانەوە دوورن؟!
باوەڕ ناکەم ئەوەندەی لە بەرەی عارەبی ئیسلامیدان،
ئەوەندە لە بەرەی ئیسلامی ناعارەبدابن! بەڵگەشم ئەوەیە ئەوەندەی بۆ خەڵکی میسر و
مورسی بەخەمن، بۆ خەڵکی بورما (میانمار) بەخەم نین کە دەیان هەزار کەسیان بە ناهەق
لێ کوژران... من پێم وایە حیزبی ئیسلامی کوردی لە پەراوێزی حیزبە ئیسلامییە
عارەبییەکاندان و ئەوان بۆ هەرچییەک بە خەم بن، ئەمانیش بۆی بەخەم دەبن و بەرانبەر
هەرچییەکیش خەمسارد بن، ئەمانیش لێی خەمسارد دەن! کە ئیخوانی میسر کاردانەوەیەکی
ئەوتۆی بۆ موسوڵمانانی بۆرما نەبوو، ئەمانیش، وەک (تابع الامام)، کاردانەوەیەکی
ئەوتۆیان نەبوو. مادام ئیخوانی میسر یا هەر ڕێکخراوێکی تری ئیسلامی عارەبی
بەرانبەر کوشتاری کورد خەمساردن و بەهەندی ناگرن، ئەمانیش خەمسارد دەبن و بە هەندی
وەرناگرن. بۆ مەسەلەی نەوەکانی تاریقی کوڕی زیادی ئەمازیغیش هەر وان.
دەیان هەزار موسوڵمانی بورما، بە دەستی بوودییەکانی ئەو
وڵاتە کوژران. جیاوازی لە نێوان ژن و منداڵ و پیاو و گەنج و پیردا نەکرا، بەڵام
هیچ کاریگەرییەکی لە سەر حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان نەبوو، چونکە کاریگەرییەکی
ئەوتۆی لە سەر حیزبە ئیسلامییە عارەبەکان نەبوو. موسوڵمانە بۆرماییەکان، خەڵکێکی
بێ کیان و بێ دەوڵەتن و دەکوژرێن! زەرەری نییە!
ئاگادارین کە لە سەروبەندی ئەنفالدا، کۆنگرەی ئیسلامی لە
کوێت بەسترا، کەچی لەو کۆنگرە پان و بەرینەدا، بەو هەموو زانا و دانا و عالیمەوە،
یەک چپە لە بارەی ئەنفالی کوردەوە نەکرا. کەواتە دەبێ حیزبی ئیسلامی کوردیش چپە
نەکەن و بە تاوانی ئەنفال بڵێن: تاوانی بە ناو ئەنفال!
وەک مرۆڤێک، هەستی مرۆڤانەم بۆ ئەو تاوانانەی بۆرما
ئازارم دەدا، نەک هەستی موسوڵمانبوونم. کاتێ دەزانم لە ئەوروپا جووەکانیان لەبەر
ئەوە دەکوشت کە پێیان وا بوو وەک مشک تاعوون بڵاو دەکەنەوە، ئازاری مرۆڤانەم پێ
دەگا. کاتێ ژنە فەلەستینییەکیش دەبینم ئامێز بە دار زەیتوونێکدا دەکا تا
ئیسرائیلییەکان بە شۆڤڵ هەڵینەتەکێنن، وەک مرۆڤێک، ڕۆحم ئازار دەبینێ! بەڵام ئێمەیش
وەک ئەو فەلەستینییە دارمان بڕاوەتەوە و ئێمەیش وەک بورماییەکان قڕ کراوین و
ئێمەیش ئاوارەی دەستی بەشەری ترین، کە جارێ بە یاسای شۆڤیەنیزم قڕمان دەکەن و جارێ
بە پێی یاسای ئیسلام ئەنفالمان دەکەن!
ئێمەی کورد و موسوڵمانانی بورما و ئەمازیغی ئەفریقیا،
موسوڵمانی کاڵین و لە هەندێ ڕووەوە بە یەک دەچین... ئێمە و ئەوان، لە پەراوێزی
عارەبدا، هەندێ جاری بە دەگمەن، نەختێ دیار و زۆربەی جارانیش تەواو بزرین. ئەوەی
جێی سەرنج بێ ئەوەیە کە کورد و موسوڵمانە بورماییەکان و ئەمازیغ، وەکو یەک، هەم
موسوڵمانن هەم بێ دەوڵەت و هەم پشتگوێ خراوون. بزانە تورکەکان و فارسەکان ئاوها
دەخرێنە پەراوێزی عارەبەوە!! نا، هەندێ جار عارەب لە پەراوێزی ئەواندان. وایە
ئیدی! کە تۆ خۆت خۆتت نەوێ، خەڵکی تر بۆچی بتیانەوێ؟!
ئەوەی من لە حیزبە ئیسلامییەکان دوور دەخاتەوە، شێوەی
باوەڕ نییە، بەڵکو ئەوەیە کە من دەمەوێ کورد بابەت بێ و ئەوان دەیانەوێ پەراوێز
بێ! جیاوازی جەوهەریمان گەلێ زۆرە. خۆ من دەزانم ئەوان خوایەک و شەرعێکیان هەیە،
لە دزیکردن ڕێگرییان لێ دەکەن و لەو ڕووەوە جێی ئومێدن، بەڵام کە نەیانەوێ کورد
ببێتە خاوەنی نیشتیمان و سامانی خۆی، ئەو پاکژییەش بەکەڵک نامێنێ! کە میللەتەکەت
هیچی نەبێ، چی لێ دەدزریت؟! با باسی ئەو دزییانەش نەکەین کە ئێستا دەکرێن چونکە
ئەوە دزیکردن نییە بەڵکو کرێی ڕێنماییکردنی دزانە بۆ سەر خێروبێری نیشتیمانی خۆیان.
ئیسلامییەکان، نە ئیسلامییەکی ڕاستەقینەن نە
نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە. بە هۆی عارەبەوە پشتی ئەو موسوڵمانانە ناگرن کە عارەب
پشتیان ناگرێ و بە هۆی حیزابەیتی دینیشەوە، پشتی میللەتی خۆیان بەرداوە!
ئێستا ئەم هەواڵەم خوێندەوە: "گروپێكی
ئیسلامی كه له پاكستان و ئەندەنوسیا و تاڵیبان و چهند وڵاتێكی تر دروست بووە بۆ
تۆڵەكردنەوەی مسوڵمانانی بۆرما ڕویان كردە ئەو وڵاتە". من لە
ئێوە دەپرسم: بۆچی ناوی سعوودییە و میسر و تورکیای تێدا نییە؟ خۆ ئاشکرایە ناوی
ئەوانە هەبوایە، ناوی کوردیش لە پەراوێزیاندا دەبوو!
خوا ئەوانیش و ئێمەش بهێنێتە سەر ڕێی ڕاست بۆ خزمەتکردنی
خاک و نیشتیمان و... ئاینی خۆمان!
تەماشاکە بزانە ئەم تاوانانە بۆچی لای ئیسلامییەکانی
کوردستان بزر، یا مەیلەو بزرن:
تاوانی
بوودییەکانی بۆرما، عارەب لێی بێدەنگن و کوردیش باسی ناکا
ئەنفال (تاوانی
عارەبی موسوڵمان). عارەب لێی بێدەنگن
و کوردیش
پێی دەڵێن "بەناو ئەنفال"
کوشتاری ئەرمەن
- تاوانی تورکی موسوڵمان (لای تورکەکان غەزا بووە)
عارەب
لێی بێدەنگن.
کەچی
ئەمەیان قەت کۆن نابێ!
سەبرە و شاتیلە... تاوانی ئیسرائیل بەرانبەر عارەب
خۆ هەموو ئەوانە تاوانن و بە دەستی مرۆڤ ئەنجام دراون.
چۆن قەبووڵمان بێ هەندێکیان پەردەپۆش بکرێن و هەندێکیان بخرێنە ڕوو؟! ژمارەی
شەهیدانی سەبرە و شاتیلە، نە هێندەی کوردە ئەنفالکراوەکان دەبێ نە هێندەی
موسوڵمانە بۆرماییەکان و نە هێندەی ئەرمەنەکان و نە هێندەی شەهیدانی هەڵەبجە.
بەڵام لای حزبە ئیسلامییەکانی عارەب گرنگترن چونکە عارەبن!
ئەوەی نیشتیمانی
خۆی بە لاوە پیرۆز بێ، ئەم وێنەیە دەیهەژێنێ.
لە سایتی
کچە جوولەکەیەکەوە وەرگیراوە
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar